بەهۆی شەپۆلێکی گەرمای توند و خراپی رەوشی زیندانەکانی تونس، زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەستدا.

کۆمەڵەی تونس بۆ مافەکانی مرۆڤ بە پشتبەستن بە ئامارەکان کە لەلایەن پزیشکان، پارێزەران و خێزانی زیندانیان پێشکەشکراوە، بڵاویکردەوە، لە هاوینی ئەمساڵدا 23 حاڵەتی مردن لەنێو زیندانەکاندا بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما تۆمارکراوە.

لەمبارەیەوە حکومەتی تونس و بەرپرسانی تەندروستی وڵاتەکە، ئامارێکی فەرمییان دەربارەی گیانلەدەستدانی زیندانییەکان بەهۆی گەرما بڵاونەکردووەتەوە، وەزارەتی تەندروستی تونسیش دەڵێت: "بەبێ پشتڕاستکردنەوەی پزیشکی دادوەری ناتوانرێت هیچ مردنێک بگەڕێنرێتەوە بۆ گەرما."

کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە تشرینی دووەمی 2025ـەوە ڕێگەیان پێنەدراوە سەردانی زیندانییەکان بکەن و لە نزیکەوە لە دۆخ و ڕەوشی زیندانییەکان دڵنیاببنەوە. 
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، داوای لە حکومەتی تونس دەکات "ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ژیان و تەندروستی و سەلامەتی زیندانییان بگیرێتە بەر''.

ئەمەش لە کاتێکدایە، زیندانەکانی تونس بەردەوام ڕەخنەیان لێدەگیرێت بەهۆی قەرەباڵغی و ڕەوشی خراپی زیندانییەکان و نەبوونی هەواگۆڕکێی پێویست، لە کاتی شەپۆلی گەرمای هاویندا ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبنەوە و لە هەندێک ناوچە پلەکانی گەرما 50 پلەی سەدی تێپەڕاندووە.