حکومەتی عێراق زنجیرەیەک ڕێکاری ئەمنیی توندی دژ بە سەرپێچیکاران گرتەبەر، دوو بەرپرسی باڵای میسانی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵیان دەست پێکرد.

ئەمڕۆ سەباح نەعمان، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە بەرامبەر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای میسان و لادانی فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئەو پارێزگایە لە ئەرکەکەی، سەرچاوە فەرمییەکان ئاشکرایان کردووە ڕێکارەکان لەسەر بنەمای پشتڕاستبوونەوەی بەکارهێنانی خاکی پارێزگاکە بووە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر بۆڕی نەوتی سعودیە.

لە هەنگاوێکی تەواوکاریدا بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی ئاڵۆزی، بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووریی شەلەمچە لە نێوان عێراق و ئێران تا کاتێکی نادیار درا، لە پاڵ داخستنی دەروازەکەدا، دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرەیان بەرەو ئێران ڕاگرت، وەک بەشێک لە ڕێوشوێنە خۆپارێزییە بەپەلەکان.

ئەم گرژییە نوێیانە دوای ئەوە سەریان هەڵدا درۆنێکی خۆکوژ لە سنووری باشووری عێراقەوە بۆڕییەکانی نەوتی سعودیەی کردە ئامانج و هۆشداریی ئەمنیی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە، دەسەڵاتدارانی بەغدا بە لێپرسینەوەی خێرا و توندوتۆڵکردنی سنوورەکان، هەوڵی ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ململانێ هەرێمییەکان دەدەن.