پێشکەشکارێکی میسری بەتۆمەتی بەرهەمهێنان و بازرگانی کردن بە مادەەی هۆشبەر، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.
ڕۆژنامەی ئەخبار ئەلیۆمی میسری ڕایگەیاند، لەو 27 تۆمەتبارەی لە تاوانی بەرهەمهێنن و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر تێوەگلابوون، 11 کەسیان لەلایەن دادگای میسرەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرا، لەنێویاندا سارا خەلیفە، پێشكەشکاری بەناوبانگی میسری هەیە، هاوکات بڕیاری لێخۆشبوون بۆ 7 تۆمەتبار دەرچوو و 9ـی دیکەش بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دران.
سارا خەلیفەی تەمەن 39 ساڵان بە پڕۆگرامی 'میشن ئیمپۆسیبل' ناسراوە، کە تایبەت بوو بە بابەتی تاوان و ئاسایش، جگە لە پێشکەشکاری، ناوبراو خاوەنی سەنتەرێکی نەشتەرگەری جوانکاریی و کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی 'ئیڤێنت'ـە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئەخبار ئەلیۆم، تاوانبارەکان کەرەستەی تایبەتیان بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لە دەرەوەی وڵات هاوردەی میسر کردووە، هاوکات خاوەنی چەک و فیشەکی بێ مۆڵەتیش بوون. لە نێو دوو خانوو دا زیاتر لە 750 کیلۆ ماددەی هۆشبەر دۆزراوەتەوە.
سەپاندنی بڕیاری لەسێدارەدان لە ڕێگەی 'خنکاندنەوە'، دوای راوێژکاریی ناچاری لەگەڵ موفتیی مەزنی میسر دەرکرا، بەڵام جێبەجێکردنی بڕیارەکە پێویستی بە یاسا هەیە و هەر بەپێی یاساش دەتواندرێت تێهەڵچوونەوەی بۆ بکرێت.