دوای نزیکەی پێنج مانگ لە دەستنیشانکردنی محەممەد سەمعان وەک پارێزگاری کەرکووک، فراکسیۆنی یەکێتی داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هەڵمەتە میدیاییە ئاڵوگۆڕکراوەکانی بەرامبەر پارێزگار دەکات.
فڕاکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتیوانیی خۆی بۆ محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک دووپات کردەوە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی و بەکارهێنانی دەسەڵاتە یاساییەکانی.
فراکسیۆنی یەکێتی ڕایگەیاندووە، لەسەر بنەمای باوەڕبوونیان بەوەی پشتیوانیکردنی کاری بەرپرسیارانە، ڕێزگرتن لە دەسەڵاتەکان و بەهێزکردنی سەقامگیریی حکومەتی خۆجێیی لە بەرژەوەندیی کەرکووک و دانیشتووانیەدایە، ئەم هەڵوێستەیان وەرگرتووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، فراکسیۆنی یەکێتی داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە کە دەستبەجێ هەڵمەتە میدیاییە ئاڵوگۆڕکراوەکان ڕابگرن و پەنا بۆ دیالۆگ و دامەزراوە یاساییەکان ببەن بۆ چارەسەرکردنی هەر جیاوازی یان تێبینییەک.
لەلایەکی دیکەوە، فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پشتیوانی خۆی بۆ سەرجەم کارەکانی پارێزگاری کەرکووک دووپات کردەوە.