کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە گرتووخانەی ئاسایشی ناوخۆی کۆبانێ لە دژی بڕیاری گواستنەوەی ڕاگیراوان بۆ حەلەب، قوربانیی زۆری لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ ماجید عومەر، بەرپرسی ئەمنیی کۆبانێ، لە ڕێگەی گوتاری توندەوە هانی ڕاگیراوانی داوە ئاڵۆزی بنێنەوە، بە مەبەستی دۆزینەوەی پاساو بۆ هێشتنەوەی هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە شارەکەدا، سەرەڕای ئەو هەوڵانە، دەرچوونی بڕیاری گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ حەلەب بەهۆی نیگەرانی لە ڕوودانی پێشێلکاری و ئەشکەنجەدان لە گرتووخانەکانی ئەو شارەدا، ناڕەزایەتیی توندی ڕاگیراوان و بەشێک لە کارمەندانی ئاسایشی لێکەوتەوە.
پێداگریی بەرپرسانی ئەمنی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری گواستنەوەکە، وای لە ژمارەیەک زیندانی کرد ئاگر لە جەستەی خۆیان بەربدەن، سەرەڕای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە، 9 کەسیان گیانیان لەدەست دا، بەگوێرەی شایەتحاڵەکان، ئاسایشی ناوخۆ لە هەنگاوێکی بەپەلەدا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی پشێوییەکان، بڕیاری ئازادکردنی سەرجەم ڕاگیراوانی ئەو گرتووخانەیەی داوە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، دوێنێ تەرمی شەرڤانێک بە ناوی سامی شێخمووس بە کوژراوی لە حەسەکە دۆزرایەوە و ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ڕۆژئاڤا پەرەیان سەندووە، سەرەڕای ڕێنمایییەکانی پارێزگاری حەسەکە بۆ بەدواداچوونی بەپەلەی دۆسیەکە و سزادانی تاوانباران، دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر هەنگاو دەنێت.