بەرپرسانی ئەمریکا چین بە یارمەتیدانی ئێران لە ڕێگەی وێنەی مانگی دەستکردەوە تۆمەتبار دەکات، هۆشداریش لە بەرەوپێشچوونی تواناکانی ئێران لە بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا دەدەن.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنال لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، بەرپرسانی ئەمریکا زانیویانە کە لایەنێکی چینی وێنەی مانگی دەستکردی بنکەی ئاسمانی 'موەفەق سەڵتی' لە ئوردن بە ئێران داوە، بەم هۆیەشەوە ئێران توانیوویەتی بنکەکە لە مانگی شەشی ڕابردوو بۆردوومان بکات، کە کوژرا و برینداری لێ کەوتەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، بەرپرسانی ئەمریکا ناوی لایەنە چینییەکانیان دیاری نەکردووە و بەگوتەی خۆیان، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە حکومەتی چینەوە نەبووە، بەڵام لەبەرامبەردا چین وەڵامی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکای داوەتەوە و داوای بەڵگەی کردووە، هاوکات بەڵیۆزی چین لە ئەمریکا لەلای خۆیەوە ڕایگەیاندووە، هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ ئێران لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە 17-6-2026 ئێران بە مووشەکی بالیستی بنکەی ئاسمانی 'موەفەق سەڵتی' لە ئوردن بۆردوومان کرد و تێیدا 3 سەربازی ئەمریکی کوژران و 4ـی دیکەش بریندار بوون.


پێشووتر ئەمریکا بۆ چەندین مانگ هۆشداری دابوو لەوەی کۆمپانیا چینییەکان وێنەی مانگی دەستکردنی بنکە ئاسمانییەکان بە ئێران دەدەن، بەمەش ئێران دەتوانێت بۆ بەئامانجگرتنی هێزە ئەمریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاریانبهێنێت، بەم هۆیەوە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سزای بەسەر هەر یەک لە کۆمپانیای چینی 'میزار ڤیژن، ئێرس ئای و چانگ گوانگ' لە مانگی 5ـی ڕابردوو دا سەپاند.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بە بەرەوپێشچوونی تواناکانی ئێران لە هێرشەکانیان دەدەن، لە ئێستادا خەریکی لێکۆڵینەوەن لە ئەگەری ئەوەی تا چەند هاوکارییەکانی چین دەتوانێت یارمەتی ئێران بدات لە چاودێریکردنی سەرماییە دەریایەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ئێران لەم دوایانەدا کەشتی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکن" و چەند کەشتییەکی دیکەی جەنگی کردووەتە ئامانج.