هێزە ئەمنییەکانی کفری چوار مێردمنداڵیان دەستگیر کرد کە شەوانە ماڵی هاووڵاتییانیان بەردباران دەکرد، لە کاتێکدا دانیشتووانی ناوچەکە لە ترسی کردەوەکە پێیان وابوو کاری جنۆکە و دێوە.

 

ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئەمنی لە قەزای کفری بە پایته‌خت میدیای ڕاگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردی مەفرەزەکانی پۆلیس و ئاسایش، توانرا چوار مێردمنداڵ دەستگیر بکرێن و تۆمەتبارانیش دانیان بەوەدا ناوە کە ئەوان شەوانە بەردیان هاویشتووە.

 

ماوەی چەند ڕۆژێک بوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکرایەوە کە لە گەڕەکی ڕزگاریی قەزای کفری شەوانە ماڵان بەردباران دەکرێن و بەهۆیەوە پەنجەرەی ماڵان و شووشەی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان دەشکێنران.

 

دەستگیرکردنی ئەم چوار مێردمنداڵە کۆتایی بەو دەنگۆ و دڵەڕاوکێیە هێنا کە لە نێو بەشێک لە هاووڵاتییاندا دروست ببوو، بەوەی کە ڕووداوەکە پەیوەندی بە بوونی دێو و جنۆکەوە هەیە.