عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی، برا گەورەی بنەماڵەی بارزانی، ئەمڕۆ هەینی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
کەمێک لەمەوبەر سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بۆ جەماوەر و خەڵکی کوردستان، بە دڵێکی پڕ لە پەژارەوە کۆچی دوایی برا گەورەی بنەماڵەکەیان، عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی ڕاگەیاند، کە ئەمڕۆ هەینی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، خوالێخۆشبوو عەبدولواحید بارزانی، نەوەی ڕێبەری نیشتمانی و ئایینیی گەلی کوردستان، شێخ عەبدولسەلام بارزانی بووە.
لە بەشێکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کۆچکردوو کەسایەتییەکی دیار و گەورەی ناو بنەماڵەکەیان بووە و هەمیشە وەک نموونەی دینداری، خوداپەرستی و چاکەخوازی ناسراوە.