جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بۆ نزمترین ئاست دابەزی و لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا تەنیا 7 کەشتی بەو ڕێڕەوەدا تێپەڕیون.

 

ئەمڕۆ سکای نیوز ژماره‌یه‌ک داتای نوێی بڵاو کردەوە و تیایدا هاتوووه‌، كه‌ جووڵەی گەرووەکە دابەزینی بەرچاوی تۆمار کردووە و ڕۆژی پێنجشەممە تەنیا 5 کەشتی چوونەتە ناو گەرووەکە و 2 کەشتی لێی دەرچوون.

 

ئەم ئامارە نوێیە بەراورد بە ڕۆژی پێشتر کە 11 کەشتی بووە، و بەراورد بە تێکڕای 10 ڕۆژی ڕابردوو کە ڕۆژانە 15 کەشتی بووە، بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە.

 

ئەم ژمارانە بەردەوامیی شڵەژانی کەشتیوانی لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی وزەی جیهان پێشان دەدەن کە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییە سەربازییەکانی دەریای سوور و بابولمەندەب.

 

گەرووی هورمز گرنگترین شاڕێگی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی کەنداوە بۆ جیهان و ڕۆژانە یەک لەسەر پێنجی نەوتی خاوی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.