چەکدارانی حوسی دەستیان بەسەر دوورگەی ستراتیژیی میون و شاری زوباب لە گەرووی بابولمەندەبدا گرت و بەمەش تەواوی جووڵەی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لەو ڕێڕەوە ئاوییە کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆیانەوە.

 

ئەمڕۆ ئاژانسەکانی ڕۆیتەرز و فرانس پرێس لە زاری بەرپرسانی حکومیی یەمەنەوە بڵاویان کردەوە، دوای کشانەوەی هێزەکانی سەر بە حکومەت لە دوورگەی میون، چەکدارانی حوسی بە بەلەمی جەنگی گەیشتوونەتە دوورگەکە و تێیدا بڵاوەیان پێکراوە.

 

هاوکات سەرچاوە سەربازییەکان ڕایانگەیاندووە چەکدارانی حوسی چوونەتە نێو شاری کەناراویی زوباب کە دەکەوێتە سەر گەرووی بابولمەندەب و ڕێک بەسەر دوورگەکەدا دەڕوانێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەندەری موخایان کۆنتڕۆڵ کردبوو.

 

ئەم پەرەسەندنە مەیدانییە هاوکاتە لەگەڵ توندترین شەپۆلی پێکدادان لە ساڵی 2022ەوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە 500 کەس کوژراون و بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکانیش زیاتر لە 20 هەزار کەس لە ناوچەکانی موخا و حودەیدە بەرەو شاری عەدەن ئاوارە بوون.

 

گەرووی بابولمەندەب دەروازەی باشووری دەریای سوور و کەناڵی سوێسە کە ئاسیا و ئەورووپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دوورگەی میون دەکەوێتە چەقی گەرووەکە و هاتوچۆی کەشتییە نەوتی و بازرگانییەکانی جیهان دابەش دەکات.