لە 65ەمین ساڵیادی شۆڕشی ئه‌یلوولدا سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامی بەردەوامیی خەباتی گەیاند، كه‌ تیایدا ئه‌م شۆڕشه‌ هەمیشە وەکو سەرچاوەی شکۆداری دەمێنێتەوە.

 

ئه‌مڕۆ سەرۆک بارزانی لە 65ەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا ڕایگەیاند، ئەو شۆڕشە هەڵقوڵاوی ئیرادە و شکۆی مرۆڤی کوردستان بوو و دۆزی گەلی کوردی بە هەنگاوی گەورە بەرەو پێشەوە برد.

 

بارەگای بارزانی پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانیی بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشەکەوە بڵاو کردەوە کە تێیدا جەختی لە بەشداریی سەرتاسەریی هەموو چین و توێژەکان لەو خەباتە نەتەوەیییەدا کردووەتەوە.

 

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووه‌، شۆڕشی ئەیلوول لەژێر ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمردا، بووە سەرچاوەی هێز و ئیلهامبەخش بۆ قۆناغەکانی دواتری خەباتی ڕزگاریخوازی لە تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستاندا.

 

لە بەشێکی تری پەیامەکەدا پێزانین بۆ ڕۆڵی مێژوویی تەواوی پێشمەرگە و خەباتکاران دەربڕدراوە، چ ئەو شەهیدانەی گیانی خۆیان بە نیشتمان بەخشی و چ ئەوانەی وەک شایەتحاڵی زیندوو لە ژیاندا ماون.

 

شۆڕشی ئەیلوول لە 11ی ئەیلوولی ساڵی 1961 بە ڕابەرایەتیی جه‌نه‌ڕاڵ مه‌لا مستەفا بارزانی دەستی پێکرد و وەک گەورەترین شۆڕشی سیاسی و چەکداریی هاوچەرخی گەلی کورد لە باشووری کوردستان دەناسرێت.