مەسرور بارزانی پەیامێکی فەرمیی بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ئه‌یلوول بڵاو کردەوە و تێیدا یادی هەموو پێشمەرگە و خەباتکاران و سەرجەم بەشداربووانی ئەو شۆڕشە سەرتاسەرییەی بەرز ڕاگرت.

 

ئه‌مڕۆ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی لە 65ەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا ڕایگەیاند، گەورەترین دەستکەوتی ئەو شۆڕشە ناچارکردنی ڕژێمی عێراق بوو بۆ دانپێدانان بە مافەکانی گەلی کوردستان لە ڕێککەوتننامەی مێژوویی 11ی ئاداری 1970دا.

 

جەختی لەوە کردەوە کە شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، بزووتنەوەیەکی جەماوەری بوو کە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستانی لە دەوری یەک ئامانج کۆکردەوە.

 

لە بەشێکی تری پەیامەکەدا، مەسرور بارزانی داوای یەکدەنگی و هاوهەڵوێستیی هێز و لایەنە کوردستانییەکانی کرد لە پێناو پاراستن و پەرەپێدانی زیاتری قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان.

 

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە 11ی ئەیلوولی ساڵی 1961 بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی هەڵگیرسا و بناغەی دانپێدانانی نێودەوڵەتی و نیشتمانیی بە مافەکانی گەلی کورد لە عێراقدا داڕشت.