سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێکی باڵای پەرلەمان کرد.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵ کۆبوویەوە، لە سەرەتای دیدارەکەدا، هەیبەت حەلبووسی بە ناوی شاندی پەرلەمانەوە پرسە و هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو عەبدولواحید بارزانی ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرد.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی ئارامی و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها پەرەپێدانی هەماهەنگیی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەکان بە پێویست زانرا، جەختیش لە گرنگیی پاڵپشتیکردنی حکومەتی فیدراڵ و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرایەوە لە پێناو باشترکردنی گوزەرانی دارایی هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ناکۆکییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، تیشک خرایە سەر قۆناغی ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دڵنیایداوە پڕۆژەکە بە شێوازێکی دادپەروەرانە دادەڕێژرێت بە جۆرێک شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی دابین بکرێت.
پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە قۆناغی داڕشتنی یاسای بودجەدا پێویستی بە سازان و لێکتێگەیشتنی قووڵی سیاسی هەیە تا مافە داراییەکان لە ململانێکان دوور بخرێنەوە، سەردانی سەرکردایەتیی پەرلەمانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی کەشێکی لەبار پێش پەسەندکردنی پرۆژەیاساکان لە بەغدا سەیر دەکرێت.