چەکدارانی حوسی کۆنترۆڵکردنی شاری بەندەریی موخا و دوورگەی زۆقەریان لە کەناراوەکانی دەریای سوور ڕاگەیاند و بە خێرایی بەرەو گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب پێشڕەوی دەکەن.
ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، بەرپرسێکی سەربازی لە حکومەتی یەمەن پشتڕاستی کردووەتەوە چەکدارانی حووسی دوای کۆنترۆڵکردنی شاری موخا دەستیان بە پێشڕەوی بەرەو دەروازەی بابولمەندەب کردووە، شاهێدحاڵەکان ئاماژەیان بە چوونی چەکدارەکان بۆ ناو شارەکە کردووە لە کاتێکدا دروشمەکانی خۆیان دەگوتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، چەکدارەکانی حووسییەکان لە دوای کۆنترۆڵکردنی شاری بەندەریی موخا، لە ڕێگەی هێرشێکی مووشەکی و بەکارهێنانی بەلەمی سەربازی دەستیان بەسەر دوورگەی زۆقەریشدا لە باشووری دەریای سوور گرتووە.
لە بەرامبەر ئەم پێشڕەوییانەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتیی سعودیە دەیان هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پارێزگاکانی تەعیز و حودەیدە ئەنجام داوە، سعودیا زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە شارەکانی ئەبها و خەمیس موشەیت لێ داوە دوای ئەوەی هێرشی مووشەکی و درۆنی ئاراستەی باشووری ئەو وڵاتە کراوە، هەروەها پێشتریش برینداربوونی 73 هاووڵاتیی مەدەنی لە خاکی سعوودیە ڕاگەیەندرابوو.
بەرەکانی جەنگ لە یەمەن لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا خوێناویترین شەڕیان لە نێوان چەکدارانی حوسی و هێزەکانی حکومەت بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک نزیکەی 500 چەکدار و سەربازی هەردوولا لە پێکدادانەکاندا گیانیان لە دەست داوە، ئەم پەرەسەندنە مەترسیی لەباربردنی پرۆسەی ئاشتی و فراوانبوونی ئاگری شەڕ بەرەو ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
جەنگی ناوخۆی یەمەن لە ساڵی 2014 بە دەستبەسەرداگرتنی سەنعا لە لایەن حوسییەکانەوە دەستی پێ کرد و بە دەستتێوەردانی سەربازیی هاوپەیمانان لە ساڵی 2015 قەیرانەکە پێی نایە قۆناغێکی هەرێمیی ئاڵۆزەوە، کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی نزیک لە بابولمەندەب لە دەریای سووردا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر هێڵی بازرگانی و کەشتیوانیی جیهانی.