جەزائیر بە شێوەیەکی فەرمی پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات ڕاگەیاند و مۆڵەتی 48 کاتژمێری بۆ باڵیۆزی ئەو وڵاتە دا، تا خاکی جەزائیر بەجێبهێڵێت.

ئەمڕۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی جەزائیر ڕایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی بڕیاری کۆتایی دا بە پچڕاندنی تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات، وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە دوای تەواوبوونی هەموو دەرفەتەکانی پاراستنی پەیوەندییەکان هاتووە.

باڵیۆزی ئیمارات لە بارەگای وەزارەت بە فەرمی لە ناوەڕۆکی بڕیارەکە ئاگادار کرایەوە کە لە ماوەی 48 کاتژمێردا دەبێت خاکی وڵاتەکە جێبهێڵن، وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر ڕوونی کردەوە وڵاتەکەی بەرامبەر هەڵسوکەوتە نەیارەکانی ئیمارات دانبەخۆداگرتنی نواندووە، بەڵام هۆشدارییەکان بێ وەڵام مابوونەوە.

پێشتریش عەبدولمەجید تەبوون، سەرۆککۆماری جەزائیر، دەسەڵاتدارانی ئەبوزەبی بە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەی و قەیرانەکانی لیبیا و ناوچەی کەناری ئەفریقا تۆمەتبار کردبوو، پەیوەندییەکانی جەزائیر و ئیمارات لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ناکۆکی لەسەر دۆسیە هەرێمییەکان و گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی باکووری ئەفریقا بەرەو داڕمان ڕۆیشتووە.