بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدا، پلانێکی فراوان بۆ زیادکردنی هەلی کار بۆ سزادراوان جێبەجێ دەکات.

 

ئەمڕۆ ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەناو چاکسازییەکاندا چەندان دەرفەتی کارکردن لە بوارەکانی جلشۆردن، نانەواخانە، چێشتخانە، پاککردنەوە و کشتوکاڵدا دابین کراون.

 

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان ڕوونی کردەوە، ساڵی ڕابردوو 599 دەرفەتی کاریان ڕەخساندووە و بۆ ئەمساڵیش بەگوێرەی پلانەکان دەیانەوێت ژمارەکە زۆر زیاتر بکەن، بەتایبەتی بۆ ئەو سزادراوانەی خاوەن پیشە و شارەزایین.

 

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە ئێستادا 6,412 سزادراو لە چاکسازییەکانی هەرێمدا هەن کە لەو ژمارەیە 2,000 کەسیان بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە سزادراون؛ هاوکات 538 سزادراو بە حوکمی لەسێدارەدان لە گرتووخانەکاندان، بەڵام بەهۆی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان لەسەر داوای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، بڕیارەکە بەسەریاندا جێبەجێ نەکراوە.

 

چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنمایییە نێودەوڵەتییەکاندا هەوڵ دەدەن سزاکان بکەنە دەرفەتێک بۆ ڕاهێنانەوە و فێرکردنی پیشە بە زیندانییان. لە لایەکی دیکەشەوە زیادبوونی ژمارەی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر، بووەتە یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییە ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکان لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوەکانی چاکسازیدا.