قوتابییه‌كی کورد لە قۆناغی دکتۆرا لە چین گیانی لەدەست دا و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە دەستی پێکردووە.

 

ئەمڕۆ وتەبێژی کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆماری میللیی چین لە هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، درەنگانی شەوی 8ی ئەیلوولی 2026 ئاگادار کراونەتەوە کە محه‌ممه‌د سەعدەددین هادی، قوتابی دکتۆرا لە زانکۆی ئۆشن (Ocean University of China) لە چین بە شێوەیەکی دڵتەزێن خنکاوە.

 

کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی قووڵ بۆ بنەماڵەکەی، ڕایگەیاند دەستبەجێ پەیوەندییان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی چینەوە کردووە و لە ڕێگەی دەزگا ئەمنییەکان و زانکۆکەوە تیمێکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنراوە.

 

لایەنە پەیوەندیدارەکانی چین لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە پەکین، هاوکات کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر ئامادەییی تەواوی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی و ئاسانکاریی گەشتکردنی خێزانەکەی بۆ چین نیشان داوە.

 

کۆنسوڵخانەی گشتیی چین داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات ڕێز لە تایبەتمەندیی کۆچکردوو و بنەماڵەکەی بگرن و لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی پشتڕاستنەکراوە دوور بکەونەوە تا ئەوکاتەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕادەگەیەنرێت.