پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک، لە چوارچێوەی گەڕی نۆیەمدا بە فەرمی دەستی پێکردەوە و لەم قۆناغەدا زیاتر لە 400 خێزان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئەمڕۆ وارڤین سەباح، بەرپرسی داتا و زانیارییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک ڕایگەیاند، لە هەشت گەڕی پێشوودا نزیکەی 23 هەزار کەس گەڕاونەتەوە شنگال و لەم گەڕەشدا زیاتر لە 400 خێزان دەگەڕێنەوە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە کە بڕیاری گەڕانەوەی ئەم خێزانانە بە خواستی خۆیانە و هیچ گوشارێک لەسەر ئاوارەکان نییە، هاوکات لە کاتی بڕیاردانی هەر خێزانێک بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی پێویستیان بۆ دابین دەکات.
بەرپرسی داتا و زانیارییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک ئاشکرای کرد، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا 172 خێزان لە کەمپی شاریا ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمار کردووە، هەروەها تاکوو ئێستا 18 هەزار خێزان لەناو کەمپەکان و 37 هەزار خێزانی دیکەش لە دەرەوەی کەمپەکاندا ماونەتەوە.
پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال چەندین ساڵە بەردەوامە، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، هێشتا بەشێکی زۆری ئاوارەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین؛ لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هەوڵ دەدەن زەمینەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە بۆ ئەو ئاوارانە بڕەخسێنن.