سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنێکی نوێی ئابووری دەدات و ڕایدەگەیەنێت لە ئەگەری سەرکەوتنی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا، بڕی 5 هەزار دۆلار بە هەر هاووڵاتییەکی پێگەیشتووی ئەمریکی دەبەخشێت.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس (AFP) بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە ویلایەتی تێکساس ڕایگەیاندووە، لە ئەگەری سەرکەوتنی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا، بڕی 5 هەزار دۆلار دەداتە هەر هاووڵاتییەکی پێگەیشتووی ئەمریکی.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئەم بڕە پارەیە ناوی 'پشکی ترەمپ' دەبێت. هاوکات کۆمارییەکان لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لە ڕاپرسییەکان بەرامبەر بە دیموکراتەکان ڕووبەڕووی دۆخێکی دژوار بوونەتەوە. ترەمپ لە کاتی خستنەڕووی ئەم بەڵێنەدا ڕوونی نەکردەوە حکومەت چۆن بودجەی پێویست بۆ ئەم پرۆژەیە دابین دەکات، بەڵکوو تەنیا باسی لە فراوانیی داهاتی وڵاتەکەی کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئاشکرای کرد کە ناوبراو بڕی 5 هەزار دۆلاری وەک دیاری بە کۆمەڵێک لە هاوکارانی لە کۆشکی سپی داوە، ئەمەش دەنگدانەوەیەکی زۆری لێ کەوتەوە و شەقامی ئەمریکی ئەم هەنگاوەی بە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لە قەڵەم دا.
بەڵێنە دارایییەکانی سەرکردە سیاسییەکان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، هەمیشە دەبنە جێی مشتومڕی ئابووری و سیاسی لە ئەمریکا. ئامانجی سەرەکیی ئەم جۆرە پێشنیازانەش وروژاندنی جەماوەر و بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگە لە قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی دەنگداندا.