بڕیارە ئەمڕۆ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق پڕۆسەی دادگاییکردنی ئەو تۆمەتبارانە دەست پێبکات، کە لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت دەستگیر کراون.
ئهمڕۆ سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، سەرجەم دەستگیرکراوانی دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، ئەمڕۆ دەخرێنە بەردەم دادگا؛ بەڵام تاکوو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
شەممەی ڕابردووش سەرچاوەیەکی ئەمنی دەستگیرکردنی غەسان جومەیلی، برای بریکاری وەزارەتی نەوت و بەڕێوەبەری بەشی ڕاهێنان لە پەیمانگەی نەوتی بێجی ڕاگەیاند، کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ دەستەی دەستپاکیدا و لەسەر هەمان دۆسیەی گەندەڵی دەستگیر کراوە.
دۆسیەی عەدنان جومەیلی ماوەی دوو مانگە بەردەوامە و پاش ئەوەی پێشتر ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا لە ناوچە جیاوازەکانی بەغدا و لەنێویاندا ناوچەی سەوز دەستگیر کران، پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە؛ دەستگیرکردنەکانیش لە چوارچێوەی 'هەڵمەتی بەرەبەیان'دان کە لە 28ی تەمووزی ئەمساڵ بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجام درا.
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان، لە کاتی پشکنینی ماڵ و کێڵگەکانی ئەم بەرپرسانەدا دەست بەسەر ملیاران دینار و ملیۆنان دۆلار و چەندان جۆر خشڵ و زێڕدا گیراوە. هاوکات لە مانگی تەمووزی ڕابردووشدا، هێزە ئەمنییەکان بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانیان چەند کاتژمێرێک پێش ئەنجامدانی سوێندخواردنی یاسایی وەک پەرلەمانتار دەستگیر کرد.
کەرتی نەوتی عێراق بەردەوام لەژێر چاودێریدایە بەهۆی گومانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی؛ لەبەر ئەوەش دەسەڵاتی دادوەری و دەستەی دەستپاکی هەڵمەتێکی فراوانیان دەست پێ کردووە بۆ دادگاییکردنی بەرپرسانی تێوەگلاو، تاکوو سەروەریی یاسا لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بچەسپێنن.