پایتەخت میدیا پاسی تایبەت بۆ هاندەرانی یانەی هەولێر ئامادە دەکات، تاوەکو بۆ یارییەکەی سبەی هەینی 4ـی ئه‌یلوولی 2026، بەرامبەر یانەی شورتە بچنە بەغدا، هاندەرانی 'ئیمپڕاتۆر' دەتوانن بە خۆڕایی بۆ پشتیوانیی یانەکەیان گەشت بکەن.

 

ئەمڕۆ پایتەخت میدیا وەک سپۆنسەری ئەم دەسپێشخەرییە ڕایگەیاند، پاسەکان له‌ کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆ لەبەردەم یاریگەی هەولێرەوە بەرەو بەغدا بەڕێ دەکەون، ئارەزوومەندان دەبێت پێشوەختە ناوی خۆیان لە ڕێگەی ژمارەی وه‌تسئاپی 09647504681505 تۆمار بکەن.

 

دوای ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک ئامادەیی نیشان نەدا بۆ دابینکردنی پاسی خۆڕایی بۆ جەماوەری یانەی هەولێر، پایته‌خت میدیا وەک پابەندییەکی نیشتمانی و بەرپرسیارێتیی بەرانبەر بە یانه‌ی دایک، ئەرکی گواستنەوەی هاندەرانی گرتە ئەستۆ.

 

پایتەخت میدیا وێڕای جێبەجێکردن و سه‌رپه‌رشتیكردنی ئەم ئەرکە، دەستپێشخەرییەکی فراوانی بۆ کەسایەتی، بەرپرس و سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان ئاراستە کردووە، تاوەکو وەک پشتیوانییەک بۆ یانەی هه‌ولێر، بەشدار بن لە دابینکردنی پاس بۆ هاندەرانی یانەکە و تێچووه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆ بگرن.

 

مەرجەکانی گەشتەکە بریتین لە هەبوونی کارتی زانیاری و پۆشینی جلی زەردی یانەی هەولێر لە کاتی گەشتەکەدا. هەروەها تەمەنی هاندەر دەبێت سەروو 18 ساڵ بێت، ئەگەر تەمەنی کەمتر بوو دەبێت سەرپەرشتیارێکی لەگەڵ بێت.

 

ئەم هەنگاوەی پایته‌خت میدیا، بۆ بەرزکردنەوەی ورەی یاریزانانی یانەی هەولێرە لە یارییە گرنگەکەیاندا بەرامبەر شورتە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.

 

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، یانه‌ی هه‌ولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق 10 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه‌، باشترین ئاستی پێشكه‌ش كردووه‌ و تا ئێستا تووشی هیچ به‌ربه‌ست و شكستێک نه‌بووه‌.