سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بڕیاری دا بەهۆی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم، کارەکانی قیرتاوکردنی شەقامی سەرچنار بۆ ماوەیەکی کاتی ڕابگرێت.
ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هاووڵاتییان و شۆفێرانی ئاگادار کردەوە کە بەهۆی سازکردنی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە سلێمانی، هەڵمەتی قیرتاوکردنی شەقامی سەرەکیی سەرچنار بۆ ماوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت.
شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەی قیرتاوکردنەکە کە بڕیار بوو لە ترافیکلایتی نزیک بەنزینخانەی تاڤگەوە تاکوو بەردەم 'سیتی سینەما' جێبەجێ بکرێت، تاکوو کۆتاییهاتنی فێستیڤاڵەکە ئەنجام نادرێت.
بەپێی ئاگادارییەکەی شارەوانیی سلێمانی، لەم ماوەیەدا شەقامەکە بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکاندا بەکراوەیی دەمێنێتەوە و هیچ ئاستەنگییەک بۆ شۆفێران دروست نابێت.
بڕیارە لە 9ی ئەیلوولی 2026 تاکوو 15ی ئەیلوولی 2026، چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بە بەشداریی 108 فیلم و 250 میوانی ناوخۆیی و بیانی، لەگەڵ سازکردنی چەندان چالاکیی هونەری بەڕێوە بچن.