کۆمپانیای سۆمۆ هۆشدارییەکی مەترسیدار لەبارەی لێکەوتەکانی هەڵگیرسانی جەنگ و ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز ڕادەگەیەنێت و زیانە داراییەکانی عێراق بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت.

عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، زیانە ڕاستەوخۆکانی عێراق بەهۆی قەیرانی داخستنی گەرووی هورمزەوە دەگاتە نزیکەی 80 ملیار دۆلار.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ باسی لەوە کرد، ئەگەر ئەو داهاتانەش هەژمار بکرێن کە دەکرا لە ڕێگەی زیادکردنی قەبارەی هەناردەکردنەوە بەدەست بێن، ئەوا قەبارەی زیانەکان بۆ 90 تا 100 ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە.

عەلی نزار جەختی کردەوە، سیناریۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا لە هەموو شتێک زیاتر مایەی نیگەرانییە بۆ عێراق و بە توندی هۆشداریی لە لێکەوتە و دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی ئەو جەنگە لەسەر ئابووری و داهاتی وڵات دا.