کۆمپانیای ئەپڵ بەفەرمی لە بۆنە ساڵانەکەیدا نوێترین بەرهەمەکانی پەخش دەکات، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتەکەشدا، دەنگۆ و زانیاریی دزەپێکراوەکان زۆر بوون.

 

ئەمڕۆ کۆمپانیای ئەپڵ بڵاوی کردەوە، کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە ساڵانەکەی دیاری کراوە و تێیدا نوێترین ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەخرێنەڕوو، چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیاکە گەورەترین گۆڕانکاری لە مۆبایل و کاتژمێرە زیرەکەکانیدا لەم ساڵدا ڕابگەیەنێت.

 

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، ئەم بۆنەیە دەبێتە وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی بەرهەمەکانی ئەپڵدا، بەهۆی ئەوەی پێشبینی دەکرێت کۆمپانیای ئەپڵ خستنەڕووی یەکەمین مۆبایلی چەماوە، کە بەکارهێنانی فراوانی ژیریی دەستکردی بۆ زیاد کراوە، بخاتە ڕوو.

 

بەپێی نوێترین زانیارییە دزەپێکراوەکان پێشبینی دەکرێت:


یەکەمین ئایفۆنی چەماوە (iPhone Ultra):

 

دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی، پێدەچێت ئەمساڵ ئەپڵ یەکەمین مۆبایلی چەماوەی خۆی نمایش بکات، دەنگۆکان دەڵێن، ئەم مۆبایلە لە مۆبایلە چەماوەکانی دیکە (وەک سامسۆنگ فۆڵد) کورتتر و پانترە؛ کاتێک دەکرێتەوە شاشەکەی دەبێتە قەبارەی ئایپاد مینییەک (7.8 ئینج) و بە هەردوو ڕەنگی (سپی و نیلی) بەردەست دەبێت.

 

ئایفۆن 18 پرۆ و پرۆ ماکس: شێوەی دەرەوەیان زۆر لە ئایفۆن 17ـی ساڵی ڕابردوو دەچێت، بەڵام بە چیپی پێشکەوتووی A20ـەوە لەگەڵ چەند گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی تێدا دەبێت:

 

- کامێرا: گۆڕانکارییەکی گەورە لە کامێرای سەرەکیدا دەبێت؛ بۆ یەکەمجار ئایفۆن توانای گۆڕینی قەبارەی کرانەوەی هاوێنەی دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی تیشک، کە یارمەتیدەرە بۆ گرتنی وێنەی زۆر باشتر.


- دوگمە و شاشە: دوگمەی کامێراکە سادەتر دەکرێتەوە و دوورگەی دینامیکی (Dynamic Island)ـی سەر شاشەکەش بچووکتر دەبێتەوە.


- نرخ: چاوەڕوان دەکرێت نرخەکانیان بەراورد بە نەوەی پێشووتر گرانتر بن.

 

کۆنفرانسەکە ئەمشەو لە کاژێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا (8:00ـی شەو بە کاتی هەولێر) لە کەناڵی فەرمیی یوتیووبی ئەپڵ، ماڵپەڕی فەرمی، یان بەرنامەی ئەپڵ تیڤیـیەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت.