کەمێک لەمەوبەر یەکەم کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی پرسی بودجەی 2027 و مووچەی مووچەخۆران دەستی پێکرد.
کۆبوونەوەکە تیشک دەخاتە سەر چەند تەوەرەیەکی سەرەکی و چارەنووسساز، لەوانە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027، پرسی دامەزراندن، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، داهاتی نانەوتی و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا.
شاندی باڵای هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە: وەزیرانی دارایی و ئابووری، وەزیری سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون وبریکاری وەزارەتی پلاندانان.
ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدایە، پێویستە تا 15ی ئەم مانگە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی دارایی 2027 ئامادە بێت.