ساتێک پێش بەڕێوەچوونی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان، هێرشێکی مووشەکیی ڕووسیا بۆ سەر پایتەختی ئوکرانیا، ماڵی بووک و زاوایەکی وێران کرد و جلوبەرگی ئاهەنگەکەیانی خستە ژێر داروپەردووەوە.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆسید پرێس (AP) ڕایگەیاند، لیوودمیلا ڕیژاک و لۆنید ڕیژاک کە سەربازێکی ئوکرانییە، دوای چەندین جار دواکەوتنی ئاهەنگەکەیان بەهۆی جەنگەوە، لە کیێڤی پایتەختی ئوکرانیا توانیان گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام بدەن.

 

هاوکات، هێرشە مووشەکییەکەی ئەمڕۆی ڕووسیا، کۆگایەکی نزیک ماڵەکەی ئەم دوو هاوسەرەی کردە ئامانج و شەپۆلی تەقینەوەکە پەنجەرە و کەلوپەلی ماڵەکەیانی تێکشکاند، بەڵام ئەوان لەگەڵ کچە تەمەن 6 ساڵانەکەیان پەنایان بردە بەر پەناگە و ڕزگاریان بوو.

 

هاوسەرەکە کە وەک بەشێک لە تیمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بەرەی پێشەوەی جەنگ لە پۆکرۆڤسک خزمەت دەکات، پشوویەکی وەرگرتبوو و چەندین ڕۆژ چاوەڕێی کردبوو تاوەکو ڕێکارەکانی تۆمارکردنی هاوسەرگیرییەکەیان تەواو بکەن.

 

لە کاتی چوونیان بۆ فەرمانگەی تۆمارکردنی هاوسەرگیریش، جارێکی تر زەنگی ئاگادارکردنەوە لێیدا و ئاهەنگەکەیان بۆ چەند کاتژمێرێک دواکەوت، بەڵام لە کۆتاییدا بە جلوبەرگی خۆڵاوی و دڕاوەوە بوونە هاوسەر و ژیانێکی نوێیان دەست پێ کردەوە.

 

حکومەت ئوکرانیا چەندین جار هۆشداری داوە لە بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی شارستانی و ناوچە نیشتەجێبوونەکان، کە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا قوربانییەکی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.