وەزیری دەرەوەی ئێران دوای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئێراندا، سیاسەتی ئەمریکا بە شکستخواردوو و بێبایەخ ناۋ دەبات.

 

ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆڕمی ئێکس ڕایگەیاند، ئەمریکا لەژێر کاریگەریی ئیسرائیلدا جەنگێکی ڕاستەوخۆی دژی تاران دەست پێ کردووە و ئەم هەنگاوە پێگەی واشنتن لە ناوچەکە و جیهاندا لاواز دەکات.

 

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا گرت و جەختی لەوە کردەوە کە سزاکانی واشنتن هیچ کاریگەرییەکی بۆ سەر گۆڕینی هەڵوێستی تاران نەبووە، عێراقچی ڕوونیشی کردەوە کە ئەمریکا لە بری هاوپەیمانەکەی، ڕاستەوخۆ تێوەگلاوە لە ململانێکان و باجێکی گەورە دەدات.

 

ئەم لێدوانانەی تاران لە کاتێکدایە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر کەرتەکانی فڕۆکەوانی و چەند کۆمپانیایەکی پەیوەندیدار بە ئێران لە وڵاتانی ناوچەکەدا سەپاندووە، ئامانجی سەرەکیی ئەم سزایانە بڕینی ڕێگاکانی بەدەستخستنی فڕۆکە و تەکنەلۆژیای هەستیارە بۆ تاران، کە لەلایەن واشنتنەوە بە پشتیوانیکردن لە گرژییەکان تۆمەتبار دەکرێت.

 

سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران مێژوویەکی درێژی هەەیە و لە دوای شۆڕشی ساڵی 1979ـەوە بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، واشنتن بەردەوام ئەم سزایانە وەک ئامرازێک بۆ لاوازکردنی توانای سەربازی و ئابووری تاران بەکار دەهێنێت.