ڕەگەزنامەی هەرێم هۆشداری دەدات، لەوەی بەسەرچوونی کارتی نیشتمانی دەبێتە هۆی ڕاوەستانی سەرجەم مامەڵە حکومییەکانی هاووڵاتییان.
لیوای مافپەروەر دیدار عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەسەرچوونی وادەی کارتی نیشتمانی هیچ جۆرە سزایەکی دارایی (غەرامە) لەسەر هاووڵاتییان دروست ناکات، بەڵام لە ڕووی یاساییەوە دەبێتە ئاستەنگ و ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لە دامودەزگا حکومییەکاندا ڕادەگرێت.
لیوای مافپەروەر دیدار عومەر ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی وادەی کارتی نیشتمانییەکەیان بەسەرچووە، بەپەلە نوێی بکەنەوە تاوەکو ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی و پەک کەوتنی مامەڵەکانیان نەبنەوە.
کارتی نیشتمانی بەڵگەنامەیەکی فەرمی یاساییە بۆ ناساندنی کەسایەتیی هەڵگرەکەی کە دەدرێتە هاووڵاتییانی عێراقی، هەروەها ئەم ناسنامەیە جێگرەوەی سەرەکیی ناسنامەی باری شارستانی و شەهادەی ڕەگەزنامەی عێراقییە.
بەڵگەنامە پێویستەکان بۆ نوێکردنەوە یان دەرهێنانی کارتی نیشتمانی:
1.فۆرمی کارتی نیشتمانی: پڕکردنەوەی فۆرم لە یەکێک لە نوسینگەکانی دەرەوەی بینای بەڕێوەبەرایەتی، یاخود پڕکردنەوەی فۆرمەکە بەخۆڕایی و برینی نۆرە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەوە.
2.ڕەگەزنامەی عێراقی.
3.پێناسی باری شارستانی.
4.کارتی زانیاری.