بافڵ تاڵەبانی مۆڵەتی 24 کاتژمێری بۆ لاهور تاڵهبانی داناوە تا تەسلیمی بڕیارەکان ببێت، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی سزای تووندی لێ دەکات، لەو مۆڵەتە تەنیا 14 کاتژمێر ماوە و ئەگەر لاهور تاڵهبانی ڕازی نەبێت، ڕووبەڕووی سزای یاساییی قورس دەبێتەوە.
ئهمڕۆ ڕۆژنامهنووس هانا چۆمانی ژمارهیهک بهڵگهنامهی بڵاو كردهوه و ڕایگهیاند، بافڵ تاڵەبانی مەرجی بۆ لاهور تاڵهبانی داناوە کە دەبێت کورسییەکانی پەرلەمان ڕادەست بکات، هەروەها داوای لێ کراوە بە فەرمی وازهێنانی خۆی لە سیاسەت ڕابگەیەنێت و هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت.
ئهو ڕۆژنامهنووسه ئاماژهی بهوهش داوه، یەکێتی نووسراوی فەرمیی بۆ زیاتر لە 120 وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ناردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە لاهور تاڵهبانی دەبێت لەبەردەم دادوەر ئەستۆپاکیی خۆی بسەلمێنێت. بافڵ تاڵەبانی لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئەم بابەتەی لەگەڵ لایەنە شیعەکان یەکلا کردووەتەوە تا کاردانەوەیان بەرامبەر سزاکان نەبێت.
بهپێی زانیارییهكان، تا ئهم كاته لاهور تاڵهبانی ئەم مەرجانەی ڕەت کردووەتەوە. ڕۆژنامهنووس هانا چۆمانی دهڵێت: "ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، سزای 8 ساڵ زیندانی بۆ خۆی و 6 ساڵ بۆ پۆڵاد تاڵهبانی و چەندین سزای تر بۆ هاوەڵەکانیان دەردەکرێت."
ئهمڕۆ بەرەی گەل له بڵاو كراوهیهكی فهرمیدا ئاشكرای كرد، كه سبەی پێنجشەممە لاهور تاڵهبانی و ژمارەیەک لە هاوەڵەکانی لەبەردەم دادگا ئامادە دەبن و ئەم کەیسە تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ سەربەخۆییی دادگا و دادوەرەکانی کوردستان و عێراق. بەرەی گەل داوای کرد دادوەران دوور لە فشاری حیزبی بڕیار بدەن و هەیبەت بۆ سەروەرییی یاسا بگێڕنەوە.
ئهمه لهكاتێكدایه، لاهور تاڵهبانی و هاوەڵەکانی دوای ڕووداوەکانی 23ـی ئابی 2025 دەستگیر کران، ئەوان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە زینداندان و تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەسەر کەیسەکەیان لە دادگا نەدراوە.