ئەمڕۆ شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە شاری بەغدا، بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ دەربارەی بڕیار و داڕشتنەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە وەزیرانی دارایی و ئابووری، سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بریکاری وەزارەتی پلاندانان پێکهاتووە.
بەپێی بەرنامەی کاری سەردانەکەیان، شاندەکە سەرەتا لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ و دواتریش لەگەڵ وەزارەتەکانی پلاندانان و نەوت کۆدەبێتەوە.
سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دوو ئامانجی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
بەشداری لە بودجەی 2027: بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵیی 2007 و جێگیرکردنی پشکی هەرێم.
خستنەڕووی دۆسیە داراییەکان: پێشکەشکردنی داواکارییەکانی هەرێم سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران، میلاکات، پرۆژەکانی وەبەرهێنان، بودجەی بەکاربردن و پرسی نەوت، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنڕەتی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ.