دوو کەس لە بەیانییەکی زوودا تابلۆ بەنرخەکانی مۆزەخانەی هونەرمەندێکی ناوداری فەرەنسی لە باشووری وڵاتەکە کە بەهایان زیاتر لە 8 ملیۆن یۆرۆیە دەدزن.

 

ئەمڕۆ برایان ماسۆن، سەرۆکی شارەوانیی کاگن شوور مێر لە فەرەنسا ڕایگەیاند، دوو کەس بە شکاندنی پەنجەرەیەک چووبوونە ناو مۆزەخانەی پیێر ئۆگست ڕێنوار، هونەرمەندی ناوداری فەرەنسی و لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێریی شارۆچکەکەوە بینراون.

 

سەرۆکی شارەوانیی کاگن شوور مێر ڕوونی کردەوە، تۆمەتبارەکان 4 تابلۆیان دزیوە، بەڵام لە کاتی ڕاکردندا دانەیەکیان لێ دەکەوێت، زەنگی ئاگادارکردنەوەی مۆزەخانەکە لە کاتژمێر 5 و 48 خولەکی بەیانی لێدراوە و پۆلیسی ناوچەکە تەنیا دوای 5 خولەک توانیویانە بگەنە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام ئەو کاتە دزەکان لە شوێنەکە نەمابوون.

 

بەپێی زانیارییەکانی برایان ماسۆن، تابلۆ دزراوەکان بەهاکانیان بەنزیكکراوەیی دەگاتە 9 ملیۆن یۆرۆ (10.5 ملیۆن دۆلار)، مۆزەخانەکە پێشتر ماڵی ئەم هونەرمەندە بوو تا لە ساڵی 1919 کۆچی دوایی کرد، لە ساڵی 1960دا بە شێوەیەکی فەرمی وەکو مۆزەخانەی کارەکانی ئەم هونەرمەندە بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە.

 

ئەم دزییە کەمتر لە ساڵێک دوای دزینی 8 پارچەی بەنرخ لە مۆزەخانەی لووڤر لە پاریس دێت کە بەهاکەیان بە 88 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرا، هەرچەندە 4 تۆمەتباری سەرەکیی دزییەکەی لووڤر دەستگیر کراون، بەڵام پارچە دزراوەکان تا ئێستاش نەدۆزراونەتەوە.

 

ئاژانسی یەکێتیی ئەوروپا مانگی ڕابردوو هۆشداریی دابوو لە زیادبوونی تاوانی دزینی بەرهەمە هونەرییەکان لە ئەوروپا، بەپێی ڕاپۆرتەکان، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی باندەکاندا ڕووی داوە و کەسانی بێئەزموون لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ ئەم تاوانانە ڕادەکێشرێن.