کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتژمێر 00:00ی شەوی 7ی ئەیلوولەوە نرخی سێیەمی بەنزینی بۆ 10 هەزار تمەن بەرز کردەوە، ئەم بڕیارە کتوپڕە قەیرانی تووندی ناهاوسەنگیی نێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردن لە سێکتەری وزەی ئەو وڵاتەدا دەخاتە ڕوو.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، تێکڕای بەکاربردنی بەنزین لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 132 ملیۆن لیتر لە ڕۆژێکدا. لە بەرامبەردا، ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی تەنیا 122 ملیۆن لیترە، کە ئەمەش کورتهێنانی 10 ملیۆن لیتر لە هەر ڕۆژێکدا نیشان دەدات.
حکومەتی ئێران دەڵێت: "بڕی دیاریكراوی یەکەم بە نرخی 1500 تمەن و بڕی دیاریكراوی دووەم بە 3000 تمەن وەک خۆیان دەمێننەوە، بەڵام نرخی کارتی وێستگەکان (نرخی سێیەم) کە پێشتر 5 هەزار تمەن بوو، ئێستا بە ڕێژەی 100 لە سەد زیادی کردووە."
فاتمە موھاجەرانی، گوتەبێژی حکومەت، ڕایگەیاندووە کە داهاتی ئەم زیادکردنە بۆ باشترکردنی بژێویی خەڵک تەرخان دەکرێت. ئەو ئاماژەی بەوەش دا کە سەرۆککۆمار بەڵێنی دابوو نرخەکە لە 10 هەزار تمەن زیاتر نەبێت، هەرچەندە پێشنیاری تر هەبوون.
لە بەرامبەردا، شارەزایان نیگەرانن کە ئەم بڕیارە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کرێی گواستنەوە و گەیاندن لە شارە گەورەکاندا، شۆفێرانی تەکسی زیرهک دەڵێن: "بەشێکی زۆری سووتەمەنییەکەیان بە نرخی سێیەم دەکڕن و ئەمەش کاریگەریی گهوره لەسەر داهاتیان دەبێت."
محەممەد سادق عەزیمی فەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای پاڵاوتن و دابەشکردن ئهوهی خسته ڕوو، 85 لە سەدی خەڵک لەم گۆڕانکارییە زیانمەند نابن، ئەو هۆکاری سەرەکیی ناهاوسهنگی وزە بۆ بوونی ئۆتۆمبێلە بێ ستاندەر و پڕ سووتەمەنییەکان دەگەڕێنێتەوە کە چەند هێندەی ستانداردی فهرمی سووتەمەنی دەسووتێنن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیا 9 مانگ پێش ئێستا نرخی سێیەمی بەنزین لە 3 هەزار تمەنەوە بۆ 5 هەزار تمەن بەرز کرابووەوە. بەراوردکارییەکان دەری دەخەن کە حکومەتی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی بەکاربردن پەنای بۆ ئامرازی نرخ بردووە، نەک چاکسازیی ژێرخانیی.
كۆماری ئیسلامی ئێران پلانی هەیە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە سیستەمی ناسنامەدارکردنی کارتە ئازادەکانی وێستگەکان بە شێوەی تاقیکاری دەست پێبکات. لەم دهستپێشخهرییه نوێیهدا کارتی وێستگە نامێنێت و هەر کەسێک لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە دەتوانێت 'سووتەمەنیی زیاده جگه له بڕیاری دیاركراوی حكومهت' وەربگرێت.
بەرپرسانی کەرتی نەوت دەڵێن: "گۆڕینی ئۆتۆمبێلەکان بۆ سیستەمی گاز (CNG) بە ڕێژەی 64 لە سەد زیادی کردووە، بەڵام هێشتا جیاوازیی نرخ و کەمیی ژێرخانی وێستگەکانی گاز نەبووەتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر بەکارهێنانی بەنزین."
پێشبینی دەکرێت حکومەتی ئێران، به سهرۆككۆماری مەسعود پزیشکیان لە داهاتوودا هەنگاوی زیاتر بۆ کەمکردنەوەی پاڵپشتیی دارایی وزە بنێت. بهپێی شیكردنهوهی شارەزایان، بەبێ پەرەپێدانی گواستنەوەی گشتیی و گۆڕینی ئۆتۆمبێلە بێ ستاندەر و پڕ سووتەمەنییەکان، هاوسهنگی وزە چارەسەر نابێت.
دەرئەنجامەکان نیشانی دەدەن، كهرتی گواستنهوهی زیرهک لە ئێران کە ملیۆنان شۆفێری تێدایە، ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورە دەبێتەوە، ئەگەر پشكی تایبەت بۆ ئەم کەرتە دابین نەکرێت، شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان بازاڕەکان دەگرێتەوە.