ئاسایشی گەرمیان بەڕێوەبەری توندووتیژی دژی ئافرەتانی دەربەندیخانی بەپێی تۆمەتی پەیوەندیدار بە 'کەیسێکی دارایی' دەستگیر کرد.

چەند ڕۆژێکە عەقید شەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری توندووتیژی دژی ئافرەتان لە دەربەندیخان، بە فەرمانی دادوەر لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە دەستگیر کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، تاوەکو ئێستا چوار سکاڵای یاسایی لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەر ناوبراو تۆمار کراوە، بەو گومانەی هاوکاریی ئافرەتێکی کردبێت لە فریودانی خەڵک و بردنی پارەکانیان.

ئامانج محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هۆکاری دەستگیرکردنی عەقید شەهاب ئەحمەد هیچ پەیوەندییەکی بە ئەرک و پیشەکەیەوە نییە، بەڵکو هاوشێوەی هەر کەسێکی ئاسایی کەیسی دیکەی هەیە.

ماوەیەک لەمەوبەر، ئافرەتێک لە قەزای دەربەندیخان بە تۆمەتی فریودانی هاووڵاتییان و بردنی بڕی ملیۆنێک دۆلاری ئەمریکی دەستگیر کرا.

 لە ئێستادا ئەم تۆمەتبارە لەگەڵ چەند ئەندامێکی خێزانەکەی لە گرتووخانەی کانی گۆمەی سلێمانی دەستبەسەرن و لێکۆڵینەوەی یاسایی لە دۆسیەکەیان لە دادگا بەردەوامە.