پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان پێی نایە قۆناغێکی نوێوە؛ هاوکات هەنگاوی کارگێڕیی پێویست بۆ ڕێکخستنەوەی بەڕێوەبردنی ناوچەکە گەیەنراوەتە قۆناغی جێبەجێکردن.
ئەمڕۆ دکتۆر مستەفا عەبدی، نێردەی سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند، 700 خێزانی ئاوارەی سەرێکانی دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و ئامادەکاریی تەواو لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کراوە؛ ئەم هەنگاوە دوای دەستەبەرکردنی گرەنتیی ئەمنی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دێت بۆ پاراستنی گیانی گەڕاوەکان.
ئەمە دووەم کاروانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانییە دوای کاروانی یەکەم لە 10ی ئابی ڕابردوودا؛ بەپێی زانیارییەکانی لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی، ڕێکاری پێویست بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە گوند و گەڕەکەکانیاندا گیراوەتە بەر.
لە لایەکی دیکەوە، نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری قامیشلۆ و سەرێکانی دوو بڕیاری دا؛ بەپێی بڕیارەکانی ژمارە 734 و 735، بەرین سامی محەممەد وەک سەرۆکی نووسینگەی کاتیی ئەنجومەنی شاری قامیشلۆ و محەممەد جومعە ساکریش وەک جێگر دیاری کران؛ هەروەها ئەنوەر محەممەد مەلە مەتەری وەک سەرۆکی نووسینگەی سەرێکانی و فەیسەڵ ئیبراهیم عەبدولحەیش وەک جێگر دەستنیشان کران.
شارەکانی سەرێکانی و قامیشلۆ لە ڕۆژئاڤای کوردستان بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ساڵانی ڕابردووەوە دووچاری ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ و تێکچوونی ژێرخانی کارگێڕی بووبوونەوە؛ ئەم بڕیارە نوێیانە تا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی جێبەجێ دەکرێن.