لە عێراق کەرتی تەندروستی بەهۆی قەرزە کەڵەکەبووەکان و گرێبەستە جێبەجێنەکراوەکان ڕۆژ لەدوای رۆژ دووچاری داڕمانی زیاتر دەبێت و لە ئێستادا بەدەست کەمی کەرەستەی پزیشکی و دەرمان دەناڵێنێت.  

 

ئەمڕۆ نور عادل، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، وەزارەتی تەندروستی بەدەست قەرزە کەڵەکەبووەکان و گرێبەستی جێبەجێنەکراو دەناڵێنێت، کەمی کەرەستەی پزیشکی و نەبوونی دەرمان گرفتی زۆری بۆ نەخۆشخانەکان دروست کردووە.

 

ئەندامی لیژنە تەندروستییەکە گوتی: '' کەرتی تەندروستی بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەی کە نەخۆشخانەکانیان گرتووەتەوە، پێویستی بە 9 تریلیۆن دینار هەیە بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستییەکان''. 

  

لەبارەی ئەو قەیرانانەی کە بەرۆکی کەرتی تەندروستی گرتووە، پێشتر وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندبوو، نەخۆشخانەکانی چەند قەزایەک چیتر ناتوانن پێداویستی خزمەتگوزاری وکەرەستە پزیشکییەکان دابین بکەن. 

 

بەپێی زانیارییەکان، کەرتی تەندروستی لە عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگاری بووەتەوە ئەمەش بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، کۆنی بەشێک لە بینا و باڵەخانەی نەخۆشخانەکان، تەواونەکردنی بەشێک لە دامەزراوە تەندروستییەکان و کەمی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان دەگەڕێتەوە.