تیمێکی نێودەوڵەتی لە زانایان لە ئەفریقا جۆرێکی نوێی دایناسۆریان دۆزییەوە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 200 ملیۆن ساڵ دەگەڕێتەوە.

 

لە ساڵی 2018دا توێژەران و تیمێکی نێودەوڵەتی کە لە زانایانی بەریتانیا، باشووری ئەفریقا و زیمبابۆی پێکهاتبوون، گەشتێکی مەترسیداریان بۆ ئەفریقا ئەنجام دا؛ لەو گەشتەدا توانرا لە نزیک دەریاچەی "کاریبە" (کە یەکێکە لە گەورەترین دەریاچە دەستکردەکانی جیهان) ئێسکی دایناسۆرێک بدۆزنەوە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 210 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

 

توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە، پاش هەشت ساڵ لە هەڵکەندن، شیکاری و توێژینەوە، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئێسکەکان هیی جۆرێکی نوێی دایناسۆرن؛ درێژییەکەی بە نزیکەی 4.5 مەتر دەخەمڵێندرێت و کێشی 222 کیلۆگرامە. بەپێی شیکارییەکان، ئەو دایناسۆرەی ئێسکەکەی دۆزراوەتەوە، ڕەنگە لە تەمەنی هەشت ساڵیدا مردبێت.

 

توێژەران ئەم گەشتەیان بە 'مەترسیدار' ناوزەند کرد؛ ئەمەش بەهۆی بوونی تیمساح، شێر و فیل لەو ناوچەیەدا کە بەبەردەوامی دەسوڕانەوە.

 

پرۆفیسۆر جۆنا شۆینێر، سەرۆکی گەشتەکە و یەکێک لە توێژەران، ئاماژەی بەوە کردووە، دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری وەها زۆر دەگمەنە؛ ڕەنگە لە هەر 100 نموونەیەکدا تەنیا یەک نموونە پێکهاتەیەکی یەکگرتووی هەبێت کە شیکاریی بۆ بکرێت.

 

ئەو پرۆفیسۆرە دەڵێت: "ئەو ناوچەیەی دایناسۆرەکەی تێدا دۆزراوەتەوە زۆر سەخت بووە و کارکردن لەو گەشتەدا بەواتای 'ژیان لە ناو دارستان' دەهات."