بۆیەکەمجار ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی لێکۆڵینەوەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان نەتەنیاهو و سەرۆکی ئیمارات ئەنجامدا، تێیدا دەرکەوتووە کە نەتنەیاهو بە پلانەکەی زانیوە زانیارییەکانی بۆ نەدرکاندبوو.
ڕۆژنامەی هائارێتزی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا لێکۆڵینەوەیەکی ئاشكرا کرد کە تێیدا هاتووە، هەفتەیەک و نیو بەر لە هێرشی تیرۆرستی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر لە کەرتی غەززە، بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە شێخ محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات لەبارەی هێرشەکە پێگەیشتووە.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان نەتەنیاهو و محەممەد بن زاید ماوەی 45 خولەکی خایاندووە، تێیدا ناوبراو هۆشداری داوەتەوە نەتەنیاهو لەوەی یەحیا سینوار، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، پلانی هێرشێکی گەورە ئامادە دەکات، کە دەکرێت ببێتە هۆی کوژرانی بەکۆمەڵ، تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و خستنەمەترسی ڕێککەوتنی ئیبراهیم.
بەگوێرەی زانیاری ئەم ڕۆژنامە ئیسرائیلییە، کاردانەوەی نەتەنیاهو بەرامبەر بە هۆشدارییەکەی سەرۆکی ئیمارات زۆر ئارام بووە و گوتوویەتی، کە درکی بەوە کردووە حەماس دەیەوێت لە کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین چالاک بێت، بەڵام ئیسرائیل خۆی بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادە کردووە.
ئەو بەشەی کە لە لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەکە جێگەی سەرنجە، بریتییە لەوەی بەرپرسانی ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل ئاگاداری پلانەکەی حەماس نەبوون، نەتەنیاهو تۆمەتبارکراوە بەوەی ناوەڕۆکی ئەم هۆشدارییەی سەرۆکی ئیماراتی ئاشكرا نەکردووە، تەنانەت سەرۆکی ئەو کاتەی دەزگای هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئیسرائیل - مۆساد، سەرۆکی ئەرکانی سوپای وڵاتەکە و فەرماندەكانی دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) هیچ زانیارییەکیان لەسەر هۆشدارییەکە نەبووە.
بەرپرسێکی پێشووی فەرماندەكانی دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) بە ڕۆژنامەی هائارێتزی ڕاگەیاندووە، ئەگەر بە هۆشدارییەکەیان بزانیبا، ئەوا گۆڕانکاری بەرچاوی لە لێکدانەوەیان بۆ یەحیا سینوار دروست دەکرد، "ئەگەر ئاگادارکرابووباینەوە، ئەوا ڕێکاری ترمان دەگرتەبەر و دەگەیشتن بە ئەنجامێکی دیکە."
لەبارەی ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئۆفیسی نەتەنیاهو سەرجەم زانیارییەکانی ڕەت کردەوە و بە "درۆ" وەسفی کردن، جەختیشی کردەوە کە نەتەنیاهو لەو کاتەدا قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات نەکردووە و هیچ هۆشدارییەکیشی لەلایەن ناوبراوەوە پێنەگەیشتووە.
لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانی بەناوی 'زریانی ئەقسا' کردە سەر باشووری ئیسرائیل لەسەر سنووری کەرتی غەززە، تێیدا 251 کەس ڕفێندران و 1200 کەسیشیان کوشت. ئەم هێرشە بووە دەستپێکی جەنگێکی گەورە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە وەڵامی ئەو هێرشەدا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەوییە بەرفراوانەکانی لە غەزە دەستپێکرد، کە بووە هۆی لەناوبردنی بەشی هەرەزۆری کەرتەکە و کوژرانی زیاتر لە 73 هەزار فەڵەستینی لێکەوتەوە، تا ئێستاش هێرشەکان بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ بەردەوامن.



