هێرشێکی بەرفراوانی حووسییەکان بۆ سەر ناوچەکانی باشووری سعودیە بووە هۆی برینداربوونی دەیان کەس و لە چەندین دامەزراوەی نەوتیدا ئاگر کەوتەوە.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی وزەی سعودیە بڵاوی کردەوە، بەهۆی هێرشی مووشەکیی حووسییەکان بۆ سەر چەند دامەزراوەیەکی نەوتی و خزمەتگوزاری لە باشووری وڵاتەکە، ئاگر کەوتووەتەوە و چالاکییەکانی ئەو ناوەندانە بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراون.

 

تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی حووسییەکان 73 هاووڵاتی بریندار بوون کە ژن و منداڵیشیان تێدایە؛ ناوبراو هێرشەکەی وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییان ناو برد.

 

هێرشی حووسییەکان دامەزراوە سڤیل و ئابوورییەکانی شارەکانی جازان، نەجران، ئابها و خەمیس موشەیتی کردووەتە ئامانج؛ لە بەرامبەردا حووسییەکان جەختیان لەسەر ئەنجامدانی کردەوەی سەربازیی بەرفراوان لە ناوخۆی سعودیە کردەوە و ئاشکرایان کرد، سەردەمی بێوەڵامدانەوەی هێرشەکان کۆتایی هاتووە.

 

هۆکاری ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە دوای ئەوە هات کە حووسییەکان لە 7ی ئەیلوولی ئەمساڵدا ڕایانگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی هاوپەیمانانی عەرەبی بۆ سەر گرتووخانەیەکیان لە پارێزگای جەوف لە باکووری وڵاتی یەمەن، 7 کەس کوژراون.

 

پێکدادانە سەربازییەکان لە چەندین بەرەی جیاوازی یەمەن، لەوانە پارێزگاکانی حودەیدە، تەعیز و بەیدا زیادیان کردووە؛ هێزەکانی حکومەتی یەمەن ئاماژە بە پێشڕەوی مەیدانی دەکەن، لە کاتێکدا حووسییەکان بەردەوامن لە ئاراستەکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە نەوتییەکان لە دەریای سووردا.

 

جەنگی ناوخۆیی یەمەن لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی سەنعای پایتەخت لەلایەن حووسییەکانەوە دەستی پێکرد؛ بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 150 هەزار کەس لەو ململانێیەدا بوونەتە قوربانی.