پرۆسەی ناونووسین و ئامادەکارییەکان بۆ حەجی ساڵی 2027 لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی؛ تیروپشکی ئەلیکترۆنی بۆ دیاریکردنی ناوەکان لەم مانگەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە هاوکاریی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، لەم مانگەدا ڕۆژێک بۆ ئاشکراکردنی ناوی حەجخوازان و کۆمپانیاکانی تایبەت بە حەج و عومرە بە شێوەی ڕاستەوخۆ دیاری دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە، پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ساڵی 2027 بریتییە لە 5 هەزار و 120 کەس، لە کاتێکدا 116 هەزار حەجخواز فۆرمیان پڕ کردووەتەوە؛ هاوکات لەسەر ئاستی پارێزگاکان 255 کۆمپانیا تۆمار کراون و لیژنەیەکی تایبەتمەند هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات.
کاروان ستوونی ڕوونی کردەوە، ئەو کۆمپانیایانەی سەرپێچییان هەبووە و پەیڕەوی یاساکانیان نەکردووە، لە تیروپشکەکە دوور دەخرێنەوە؛ کۆمپانیا گونجاوەکانیش لەم مانگەدا تیروپشکیان بۆ دەکرێت و بۆ هەر کۆمپانیایەک 48 حاجی دیاری دەکرێت.
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، نزیکەی 2 هەزار حەجخواز و سەرپەرشتیاری ئەمساڵ کە وەک یەدەگ دیاری کرابوون، بەبێ تیروپشک ناویان بۆ حەجی 2027 پەسەند دەکرێت؛ لە پرۆسەی نوێدا نزیکەی 2 هەزار کەسی دیکە وەک یەدەگ دیاری دەکرێنەوە بۆ ئەوەی لە ئەگەری ئامادەنەبوونی هەر حاجییەک، شوێنیان پڕ بکەنەوە.
ساڵانە بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕێکخستنە پێویستەکان بۆ گەشتی ئایینیی حاجییان دابین دەکات و لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە هەوڵ دەدات دادپەروەری و شەفافییەتی زیاتر لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ناردنی حاجییاندا بپارێزێت.