ناوچەی پیشەسازیی جازان لە باشووری سعودیە دووبارە ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەوە و ژێرخانی وزەی کۆمپانیای ئارامکۆ زیانی بەرکەوت.

 

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاوی کردەوە، دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە شاری جازان کەوتنە بەر هێرش و زیان بە ژێرخانی وزەی ناوچەکە گەیەندرا. سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ ڕۆژنامەکەیان ڕوون کردووەتەوە، هێرشەکەی ئەمڕۆ لە ڕووی قەبارەوە هاوشێوەی ڕووداوەکەی مانگی ڕابردووە، کە ئەو کات کارەکانی پاڵاوگەکە بۆ ماوەیەکی کاتی بەهۆی زیانەکانەوە وەستا.

 

سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا حوسییەکان بە فەرمی بەرپرسیارێتیی ڕووداوەکەیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام لە دوای سەپاندنی گەمارۆ لە سەر بەندەرەکانی دەریای سوور لە مانگی تەممووزەوە، هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانی نەوتیی سعوودیە چڕ کردووەتەوە. ئەم پشێوییانە بوونە هۆی ئەوەی نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەی 1.2% بەرز بێتەوە و بگاتە 97.40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

 

داتاکانی کۆمپانیای کیپلەر ئاماژە بەوە دەکەن قەبارەی هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی جازان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا گەیشتووەتە سفر. هاوکات لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکاندا، شەڕی زەمینی لە ڕۆژئاوای یەمەن، بە درێژاییی کەناراوەکانی دەریای سوور بەرەو گەرووی باب ئەلمەندەب توندتر بووەتەوە.

 

شارەزایانی پەیمانگەی چاتام هاوس هۆشداری دەدەن لە گەڕانەوەی شەڕی سەرانسەری لە یەمەن بە سەر وشکانی، ئاسمان و دەریادا. سعودیەش سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە دەکات.

 

پاڵاوگەی جازان بە توانای پاڵاوتنی 400,000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، گەورەترین بنکەی وزەی سعودیەیە لە نزیک سنووری یەمەن. ململانێی سەربازیی ناوچەکە لە ساڵی 2015ـەوە بەردەوامە، دوای ئەوەی حوسییەکان دەستیان بە سەر سەنعای پایتەختدا گرت و حکوومەتی یەمەنیان دوورخستەوە.