وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕێنماییی نوێی بۆ پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە بە فەرمانبەران دەرکرد.

 

ئه‌مڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕێنماییی داراییی ژمارە 5ی ساڵی 2026ی بڵاو کردەوە کە تایبەتە بە ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی ئاساییی بێ مووچە.

 

بەپێی ڕێنمایییەکە، وەزیر و سەرۆکی ئەو فەرمانگانەی بە وەزارەتەوە بەستراو نین، دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی بێ مووچەیان بە فەرمانبەران هەیە، هه‌روه‌ها ماوەی مۆڵەتەکە بە مەرجێک دەبێت کە لە 2 ساڵ تێپەڕ نەکات و پێویستە فەرمانبەر هۆکاری پێویستی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتەکە هەبێت.

 

وەزارەتی دارایی جەخت دەکاتەوە کە ماوەی ئەم مۆڵەتە بۆ هیچ مەبەستێکی خزمەت، پلەبەرزکردنەوە و خانەنشینی هەژمار ناکرێت، جگه‌ له‌وه‌ش سەرجەم ڕێنمایییەکانی پێشوو کە لە ساڵانی 2015 تا 2022 دەرچووبوون، بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە کارکردن پێیان ڕاگیراوە.

 

له ڕێنمایییەکەی وه‌زاره‌تی دارایی هاتووه‌، كه‌‌ ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، تا تەواوبوونی ماوەکەی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام بۆیان نوێ ناکرێتەوە.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، ئەم ڕێنمایییە لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و کاری پێ دەکرێت.