کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداریی تووندی دایە کۆریای باشوور لەبارەی هەر جۆرە دەستێوەردان یان ناردنی هێزی سەربازی بۆ گەرووی هورمز، لە چوارچێوەی هاوکاری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

 

ئەمڕۆ ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هەر جۆرە بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی یان بەشداریکردنی وڵاتانی دیکە لە ئۆپراسیۆنەکانی کەنداوی فارس یان گەرووی هورمز، وەک پشتیوانیی ڕاستەوخۆ لە هێرشکاران سەیر دەکرێت.

 

باقایی هۆشداریی دایە کۆریای باشوور کە خۆی لە ژێر کاریگەریی گوشار و هەڕەشەکانی ئەمریکا دەرباز بکات؛ چونکە بەشداریکردنی کۆریای باشوور لە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەقامگیریی ناوچەکە تێک دەدات.

 

ئەم ململانێیە دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا لە 28ـی شوباتی ڕابردوو چڕ بووەوە. گەرووی هورمز کە پێشتر هێڵی سەرەکیی گواستنەوەی نەوت و گازی جیهانی بوو، بە تەواوی پەکی کەوتووە. سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست لە مانگی نیسان، هێشتا پێکدادانی پچڕپچڕ لە دەوروبەری گەرووەکەدا بەردەوامە.

 

تاران یاسای نوێی بە سەر کەشتییەکاندا سەپاندووە کە پێویستە مۆڵەت لە ئێران وەربگرن بۆ گەشتکردن بەم گەرووەدا؛ ئەمەش ڕووبەڕووی دژایەتیی توندی واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی بووەتەوە، چونکە بە پێشێلکردنی سەربەخۆییی دەریایی دای دەناێن.

 

گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان و ڕۆژانە نزیکەی پێنج یەکی پشکی هەناردەی نەوت و گازی جیهانیی پێدا تێدەپەڕێت. پەککەوتنی گەشتە دەریایییەکان لەم ناوچەیەدا، کاریگەریی قورسی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا دروست کردووە.