پۆلیسی دیالە دەستگیرکردنی باندێکی قاچاخچێتیی ئۆتۆمبێلی نایاسایی ڕاگەیاند، کە بە نیاز بوون ئۆتۆمبێلەکان لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان بگوازنەوە.
ئەمڕۆ پۆلیسی دیالە بڵاوی کردەوە، دوای بەدەستهێنانی زانیاریی وردی هەواڵگریی و وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەر، هێزەکانیان توانییان باندێکی قاچاخچێتیی ئۆتۆمبێل دەستگیر بکەن کە ئۆتۆمبێلی نایاسایییان لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان گواستووەتەوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کاتی ئەنجام دانی تاوانەکەدا تۆمەتبارەکان دەستگیر کراون؛ هاوکات دەست بە سەر 2 ئۆتۆمبێلی نایاسایی و چەندین بەڵگەنامەی کڕین و فرۆشتنی ساختەدا گیراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کاتی پشکنینەکاندا دەست بە سەر چەندین کاغەز و تۆماری تایبەت بە کڕین و فرۆشتندا گیراوە، کە وردەکاریی گواستنەوە و قاچاخچێتیی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی دیکەی نایاسایییان تێدا بووە کە پێشتر گواستوویانەتەوە.