وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی پێشنیازێکی نوێی ئاراستەی بەغدا کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین و سووتەمەنی.

 

ئه‌مڕۆ سیپان شێروانی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئامادەیی هەرێم بۆ ڕادەستکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوت نیشان دراوە.

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوا دەکات بەنزینی 450 دیناری و سووتەمەنییەکانی تر بە بڕ و نرخی وەک پارێزگاکانی تری عێراق بۆ هەرێم دابین بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە هەرێم پێشنیازی کردووە کە یان 140 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە بۆ پاکتاوکردن وەربگرێت، یانیش 14%ی بەنزین و سووتەمەنیی عێراقی پێ بدرێت.

 

سیپان شێروانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم نووسراوە هەموو ئەو دەنگۆیانەی یەکلا کردەوە کە دەیانگوت هەرێم ئامادە نییە 50 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات. بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، تا ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ پێشنیازێکی فەرمیی بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە ئاراستەی پەرلەمان نەکردووە.

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، داوا لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکات پێکەوە کار بکەن بۆ ناچارکردنی وەزارەتی نەوت تاوەکوو سووتەمەنی بەپێی ڕێژەی دانیشتوان و بە هەمان نرخ بۆ هەرێم دابین بکات.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، دابینکردنی بەنزینی هەرزان و نەوتی سپی مافێکی دەستووری و یاساییی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و ئه‌ركی حكومه‌تی عێراقه‌ بۆ هاووڵاتییانی كوردستانی دابین بكات.