کۆریای باکوور دووەم کەشتیی تێکشکێنەری جەنگیی پێشکەوتووی خۆی خستە خزمەتەوە و داوای بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کرد.

 

ئەمڕۆ میدیا فەرمییەکانی کۆریای باکوور بڵاویان کردەوە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، لە ڕێوڕەسمێکدا لە بەندەری وۆنسان، کەشتیی تێکشکێنەری (کانگ کۆن)ی پێشکەش بە هێزی دەریایی کرد. لەو ڕێوڕەسمەدا کچە گەنجەکەی کیم بەشداریی کرد؛ ئەو کچەی دەزگای هەواڵگریی کۆریای باشوور وەک جێگرەوەی سەرەکیی باوکی دەستنیشانی دەکات.

 

کیم جۆنگ ئون لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، خستنەگەڕی یەک لە دوای یەکی ئەم کەشتییە جەنگییە بەهێزانە، ترس و دڵەڕاوکێ لە دڵی نەیار و دوژمنەکانی وڵاتەکەیدا دروست دەکات.

 

کەشتیی نوێی (کانگ کۆن) و کەشتیی پێشووتر (چۆی هیۆن)، هەردووکیان کێشیان 5 هەزار تۆنە و توانای هەڵگرتنی چەکی ئاسایی و ئەتۆمییان هەیە. شارەزایان پێیان وایە دروستکردنی ئەم کەشتییە پێشکەوتووانە بە هاوکاری و پشتیوانیی ڕووسیا ئەنجام دراوە، بەو پێیەی سیستمی ڕادار و پڕچەککردنیان زۆر پێشکەوتووە.

 

سەرۆکی وڵاتەکە ئاشکرای کرد، کۆریای باکوور کار لەسەر پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگی هێزی دەریایی دەکات کە بڕیارە لە ماوەی 8 مانگی داهاتوودا پەردەی لەسەر لابرێت. زۆرێک لە چاودێرانیش پێیان وایە پڕۆژەکە پەیوەندیی بە دروستکردنی کەشتیی ژێردەریاییی ئەتۆمییەوە هەیە.

 

لەلایەکی دیکەوە، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن مانۆڕێکی پێنج ڕۆژەیان بە ناوی (فریدەم ئێدج) لە نزیک دوورگەی جێجۆ دەست پێ کرد. ئەم مانۆڕە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور ڕێک خراوە.

 

دانوستانە دیپلۆماسییەکانی نێوان کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2019، بەهۆی ناڕوونی لەسەر ئاستی سووککردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆریای باکوور، بە تەواوی شکستی هێنا. ئێستاش کۆریای باکوور بەهۆی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چین، پێگەیەکی بەهێزتری لە بەرامبەر واشنتۆن هەیە.