شەپۆلێکی فێنک هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.

 

ئەمڕۆ ئاراس جەبار، شارەزای کەشوهەوا ڕایگه‌یاند، لە سبەی سێشەممەوە بارستە هەوایەکی فێنک لە باکووری تورکیاوە دەگاتە هەرێمی کوردستان. بە گوتەی ئەو شارەزایە، پلەکانی گەرما بە بڕی 3 تا 4 پلە نزم دەبنەوە و کاریگەرییەکەی تا کۆتاییی هەفتە دەمێنێتەوە.

 

ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاراستەی با زۆرتر باشووری ڕۆژئاوا دەبێت و مەودای بینین لە زۆربەی ناوچەکان ئاسایییە. ئەم بارستە هەوا فێنکە دەبێتە هۆی شکانەوەی تینی گەرما لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

 

هاوکات دەستەی کەشناسیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە پلەکانی گەرما لە باکوور و باشووری وڵات کەمێک دادەبەزن. کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات ڕۆژی سێشەممە لە ناوچەکانی ناوەڕاست زریانی خۆڵبارین، تۆز و با چالاک بێت و خێرایییەکەی بگاتە 30 کم لە کاتژمێرێکدا.

 

هەردوو سەرچاوەکە کۆکن لەسەر ئەوەی کە ڕۆژی هەینی بارانی سووک ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین دەگرێتەوە. بەپێی بەراوردەکان، دهۆک و سلێمانی بە 36 پلە فێنکترین و بەسڕە و زیقار بە 45 پلەی سیلیزی گەرمترینی ناوچەكه‌ دەبن.