تەقینەوەی گڕکانێکی بەهێز لە ئەندەنوسیا کەرتی گەشتوگوزاری ئاسمانی ئەو وڵاتەی پەکخست و بووە هۆی داخرانی چەندین فڕۆکەخانەی سەرەکی.
ئەمڕۆ وەزارەتی گواستنەوەی ئەندەنوسیا بڵاویکردەوە، فڕۆکەخانەی سەرەکی جاکارتا و سێ فڕۆکەخانەی دیکە بڕیاری درێژکردنەوەی داخستنی دەرگاکانیانیان داوە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات گڕکانی ئەناک کراکاتاو لە مەودای 150 کیلۆمەتری پایتەختەی وڵاتەکە چالاک بووەوە و خۆڵەمێشێکی زۆری فڕێدایە ناو ئاسمان.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی گواستنەوە، بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکان دوای چاودێریکردنی خۆڵەمێشی چڕ لە ئاسمانی ناوچەکەدا دراوە، چونکە ئەم خۆڵەمێشە زیانی گەورە بە بزوێنەری فڕۆکەکان دەگەیەنێت و ئەگەری ڕوودانی ڕووداو زیاتر دەکات.
کۆمپانیای ئەنگکاسا پورا وەک لایەنی بەرپرس لە بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی ئەندەنوسیا ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سوکارنۆ-هاتا لە جاکارتا و فڕۆکەخانەی حەلیم بەرداناکۆسوما داخستنی خۆیان تا ئێوارەی دووشەممە درێژ کردووەتەوە.
ئەم دۆخە زیانی بە زیاتر لە 240 گەشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی گەیاندووە و تەنها لە ماوەی یەک ڕۆژدا گەشتی 30 هەزار سەرنشینی تێکداوە، هاوکات گەشتیارانیش لە دۆخێکی دژواردا بەدوای هۆتێل و شوێنی مانەوەی کاتیدا دەگەڕێن.
دەستەی جیۆلۆجی ئەندەنوسیا هۆشداری توندی داوە لەوەی ئەگەری تەقینەوەی نوێ و فڕێدانی بەردی گڕگرتوو هێشتا زۆر بەرزە، لانا ساریا، سەرۆکی دەستەکە ڕایگەیاند، مەترسییەکان تەنها خۆڵەمێش نییە، بەڵکو ئەگەری ڕژانی لافاوی گڕکانی لە ئارادایە ئەگەر تەقینەوەکان بەردەوام بن، ئەمەش پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند هەیە بۆ پاراستنی گیانی گەشتیاران و دانیشتووانی ناوچەکە.
گڕکانی ئەناک کراکاتاو لە گەرووی نێوان دوورگەکانی جاوە و سۆمەترا هەڵکەوتووە و لە سەدەی ڕابردووەوە بەردەوام چالاک دەبێتەوە، وڵاتی ئەندەنوسیا بەهۆی کەوتنی لەسەر هێڵی ئاگری زەریای هێمن، هەمیشە ڕووبەڕووی بوومەلەرزە و تەقینەوەی گڕکانی بەهێز دەبێتەوە.