لە وڵاتی کۆنگۆ، کەوتنەوەی ئاگر لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا ئەو بۆنەیەی کردە شین؛ بەپێی ئامارە سەرەتایییەکان، زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە میدیاکانی کۆنگۆوە بڵاو کراونەتەوە، ئاگرەکە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی شاری کینشاسای پایتەخت کەوتووەتەوە. لە ئەنجامدا 22 کەس گیانیان لەدەست داوە و دەیان کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
لە وردەکاریی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا، ئامادەبووان بۆ گەیشتن بە دەرچەکانی فریاگوزاری ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە.
هاوکات جاکمەین شابانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی کۆنگۆ، لە بەیاننامەیەکدا سەرجەم پارێزگارەکانی ڕاسپاردووە کە پشکنینی بەپەلە بۆ ئەو شوێنانە بکەن کە بۆنە گشتییەکانیان تێدا ساز دەکرێت.
بەپێی زانیارییهكان، ئەم مەترسییە لە وەرزی وشکەساڵیدا زیاتر دەبێت؛ هەر لەم ساڵدا چەندین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لەو شارەدا تۆمار کراون.