ئێران وه‌ڵامی به‌رپرسه‌ یه‌كه‌مه‌كانی ئه‌مریكا له‌باره‌ی قه‌یرانی برسێتییه‌كی گه‌وره‌ ده‌داته‌وه‌. ده‌نگۆكه‌ ڕەت ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ درۆیه‌كی گه‌وره‌ و زه‌به‌لاح ناوزه‌ندی ده‌كه‌ن.

 

ئه‌مڕۆ موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەییی ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا، بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوت، هه‌روه‌ها هەواڵی هەبوونی برسێتیی گەورەی لە وڵاتەکەی ڕەت کردەوە و بە درۆ ناوی برد.

 

سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران ئاشکرای کرد کە بۆ یەکەم جار مووشەکی وێرانکەری دژە کەشتییان دژی هێزەکانی ئەمریکا بەکار هێناوە. ئەو باسی لەوە کرد کە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لەژێر چاودێریی وردی ئێراندان و لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا چەند ئامانجێکیان پێکاوە.

 

به‌ گوته‌ی ئه‌و ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا ناوچەیەکی نوێی قەدەغەکراو لە گەرووی هورمز ڕادەگەیەنێت و سزای سەر ئەو کەشتییانە تووند دەکات کە هەماهەنگی ناکەن. ڕەزایی هۆشداری دا کە هەر کەشتییەک بەبێ مۆڵەت لە گەرووی هورمز بجوڵێت، ڕووبەڕووی کێشەی بیمە و ترانزێت دەبێتەوە.