هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ پتەوکردنی ئاسایشی سنوورەکان و ناوچە هاوبەشەکان لە بەغدا ڕێککەوتن.

 

ئه‌مڕۆ ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندە باڵا سەربازییەکانی عێراق بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەماهەنگیی زیاتر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە کرایەوە کە لە ڕێگەی لیوا هاوبەشەکانەوە دەپارێزرێن.

 

به‌پێی بڵاو كراوه‌كه‌، هەردوولا باسیان لە پاراستنی سنوورەکان لەلایەن پاسەوانی سنوور و هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوبەشی کرد و گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی مەشقی هاوبەش کرا. ئەم کۆبوونەوانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان و ڕێگریکردن لە هەر دەستوەردانێکی تێکدەرانە لە ناوچه‌كه‌.

 

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراو:

 

لە بەغدا کۆبوونەوەی هاوبەشی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەڕێوەچوو

 

بەمەبەستی زیاتر پتەوکردن و بەرەوپێشبردنی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ 6ی ئەیلوولی 2026، لە بەغدا بە ئامادەبوونی فەریقی یەکەم ڕوکن عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەتی سەربازیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ژمارەیەک ئەفسەری باڵا و فەرماندە سەربازییەکان و بەرپرسی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، کۆبوونەوەی هاوبەشی باڵای ئەمنیی نێوان هەردوولا بەڕێوەچوو.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ئاسایشی ناوچەی جێی بایەخی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرا، کە لە ڕێگەی لیوا هاوبەشەکانەوە دەپارێزرێن، بۆ ئەمەش جەختیان کردەوە لە هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ ئەو لیوایانە، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر و تۆکمەتر ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکەن و ئاسایشیان بپارێزن.

 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بابەتی ئاسایشی سنوور و پاراستنی سنوورەکان لەلایەن پاسەوانی سنوور و هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوبەشی باس کران، هەروەها گفتوگۆ لەسەر بەرنامە و پڕۆگرامی مەشق و ڕاهێنانی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا کرا.